ژیاننامه‌ی شێرکۆ بێکه‌س
شاعیری ناوداری كورد شێركۆ بێكه‌س كه ئه‌مڕۆ له ته‌مه‌نی 73 ساڵیدا له
نه‌خۆشخانه‌یه‌كی سوید كۆچی دوایی كرد، كوڕی فایه‌ق بێكه‌س و شه‌فیقه
سه‌عیدی وه‌ستا حه‌سه‌نه و له 2.5.1940 له گه‌ڕه‌كی گۆیژه‌ی شاری
سلێمانی له دایك بووه. ته‌مه‌نی هه‌شت ساڵان بووه بێكه‌سی باوكی ساڵی 1948 كۆچی دوایی ده‌كات.
منداڵی و لاوێتی شێركۆ بێكه‌س پڕ بووه له ئازار و ژانی بێكه‌سی و ناله‌باری ره‌وشی ئابوری.
له نێو هه‌لومه‌رجی سه‌خت و بێكه‌سیدا قۆناغی ئاماده‌یی ته‌واو كردووه.
ته‌مه‌نی حه‌ڤده ساڵان بووه یه‌كه‌مین شیعری له رۆژنامه‌ی ژین بڵاو كردۆته‌وه.
ساڵی 1965 ده‌بێت به پێشمه‌رگه و له رادیۆی ده‌نگی كوردستانی عێراق له ئه‌شكه‌وتی سه‌ردێمان ده‌ست به كار ده‌كات.
ساڵی 1968 یه‌كه‌مین كۆمه‌ڵه شیعری به ناوی تریفه‌ی هه‌ڵبه‌ست بڵاو ده‌كاته‌وه.
ساڵی 1969 له‌گه‌ڵ خاتوو نه‌سرین میرزا ژیانی هاوسه‌ری پێك ده‌هێنێت.
له‌گه‌ڵ سێ هاوڕێی تری ئه‌دیب و نووسه‌ریدا، حوسێن عارف، جه‌لال میرزا
كه‌ریم و كاكه‌مه‌م بۆتانی، ساڵی 1971 به‌یانی روانگه له پێناوی
نوێكردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب و نووسینی كوردی بڵاو ده‌كه‌نه‌وه.
ساڵی 1974 دووباره ده‌بێته‌وه به پێشمه‌رگه.
پاش تێكچوونی شۆڕش به‌ره‌و خواروی عێراق، شاری رومادی، دورده‌خرێته‌وه.
ساڵی 1979 ده‌گه‌ڕێته‌وه سلێمانی.
ساڵی 1984 بۆ پشتگیری شۆڕش و هێزی پێشمه‌رگه و هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی خۆی
له وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی (قادسیه‌ی سه‌دام) بپارێزێت/ جارێكی تر روو له
چیاكانی كوردستان ده‌كاته‌وه و ده‌بێت به پێشمه‌رگه.
ساڵی 1986 به
هۆی تێكچوونی باری خراپی كوردستان و هێرشه بێئامانه‌كانی كێمیابارانه‌وه،
پێشنیازی بۆ ده‌كه‌ن به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی وه‌ڵات بچێت.
ساڵی 1986 ده‌گاته ئیتالیا.
ساڵی 1987 له سوێد خه‌ڵاتی تۆخۆڵسكی وه‌رده‌گرێت. خه‌ڵاته‌كه‌ی له
لایه‌ن سه‌رۆكوه‌زیرانی ئه‌و ده‌می سوێت (ئیگڤار كالرسۆن)ه‌وه پێشكه‌ش
ده‌كرێت. پاشتر هه‌ر له‌و وه‌ڵاته ده‌مێنێته‌وه و ده‌بێت به هاووڵاتی
سوێد.
ساڵی 1992 له یه‌كه‌مین كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا ده‌بێت به وه‌زیری رۆشنبیری.
ساڵی 1998 له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێ هاوڕێی نووسه‌ر و رۆشنبیری‌دا ده‌زگای چاپ و
په‌خشی سه‌رده‌م دروست ده‌كه‌ن و ده‌بێت به سه‌رۆكی ئه‌و ده‌زگایه.
ساڵی 2009 سه‌رجه‌می به‌رهه‌مه‌كانی له هه‌شت هه‌زار لاپه‌ڕه‌دا چاپ كرد.
شێركۆ بێكه‌س خاوه‌نی ده‌یان كۆمه‌ڵه شیعر و نزیكه‌ی ده هه‌زار لاپه‌ڕه شیعری ره‌نگا و ڕه‌نگه.
خاوه‌نی چه‌ندین ئه‌زموونی جۆراوجۆره له نووسین شیعردا. ئه‌و به شیعر
شانۆنامه، پۆسته‌ر، ده‌قی كراوه، داستان و گه‌لێ به‌رهه‌می تری ئه‌ده‌بی
نووسیوه.
شیعری شێركۆ بێكه‌س بۆ زۆر زمانی وه‌كو ئینگلیزی، فه‌ره‌نسی،
ئه‌ڵه‌مانی، ئیتاڵی، سوێدی، عه‌ره‌بی، توركی، فارسی و هی تریش
وه‌رگێڕدراون.
رۆژی 4. 8. 2013 له وه‌ڵاتی سوێد و له ئه‌نجامی
نه‌خۆشیدا شێركۆ كۆچی دوایی ده‌كات. كۆچێك زیانێكی گه‌وره‌ی له دوای خۆی
بۆ ئه‌ده‌بیاتی كوردی و نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌جێده‌هێڵێت.
...............................................
مەشخەڵانی شوڕێ نوێ-ی ئەمجارە
گڕی بڕوای رەنجدەران و هەژارە
کوردستانم، شاخ و دەشت و رێ و بانت
کوردستانم، پێشمەرگەیە داستانت
بەرگی شەهید ئەستێرەی سوور ئاڵایە
دۆستمان هەموو ئازادیخوای دنیایە
بۆ داگیرکەر خاک دۆزەخە و ئەسوتێ
سەرکەوتنم خوێن رۆژانە ئەینووسێ
چەک قەڵەم دوانەی خەباتی هاوژینم
لەچاویاندا رێی ئازادیم ئەبینم
لە ئاشتیدا کۆتری سپی و شنەی باین
لەشەڕیشدا پڵنگین و رەشەباین
وەک ئاوێنەی بەرهەتاو ئامانج روون
مافی رەوان چارەنووسی رزگاربوون
قەڵای ئێمە شوورەی پشتمان سەنگەرمان
هێزی گەلەو (ى.ن.ک)-ە رابەرمان.
...............................................
وه‌ڵام
له دواى خنكانى ( هه‌ڵه‌بجه )
سكاڵایه‌كى درێژم نووسی بۆ خوا
به‌ر له خه‌ڵكى
بۆ دره‌ختێكم خوێنده‌وه
دره‌خت گریا ! ..
له په‌ناوه باڵنده‌یه‌كى پۆسته‌چی
وتى باشه كێ بۆت ئه‌با ؟
گه‌ر به ته‌ماى منى بیبه‌م
من ناگه‌مه عه‌رشی خودا ! ..
بۆ شه‌و دره‌نگ
فریشته‌ى ڕه‌شپۆشی شیعرم
وتى تۆ هیچ خه‌مت نه‌بێ
من بۆت ئه‌به‌م هه‌تا سه‌رێ
تا كه‌شكه‌ڵان
به‌ڵام به‌ڵێنت ناده‌مێ
خۆى نامه‌كه‌م لێوه‌رگرێ ! ..
خۆت ئه‌یزانى خوداى گه‌وره
كێ ئه‌یبینێ ؟!
وتم : سوپاس .. تۆ هه‌ڵفڕه
فریشته‌ى ئیلهام هه‌ڵفڕی و
له‌گه‌ڵ خۆیدا سكاڵای برد ..
رۆژی دوایی كه هاته‌وه
سكرتێرى پله چوارى نووسینگه‌ى خودا
((عوبێد )) ناوێ
هه‌ر له‌سه‌ر هه‌مان سكاڵا‌و
له دامێندا
به‌عه‌ره‌بی بۆی نووسیبووم :
گه‌وجه بیكه به عه‌ره‌بی
كه‌س لێره كوردى نازانێ و
نایبه‌ین بۆ خوا ! ..
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق